چەند هەڵەیەك هەن كە لەلایەن خەڵكەوە دەكرێن لەم شەوانەدا: وەك:

1- ساردبوونەوە و لاوازی نواندن لە عیبادەت كردن لەم دە شەوەدا: لە سەرەتای ڕەمەزانەوە دەبینی خەڵكی بە گەرم وگوڕیەوە ڕوو لە عیبادەت دەكەن، بەڵام هەركە ڕۆژەكان تێدەپەڕێت هەوڵ و كۆششەكانیش لەگەڵیدا كەم دەبێتەوە، هەتا دەگاتە دە شەوی كۆتایی، دەبینی تەواو سارد بۆتەوە و گرنگییەكی ئەوتۆی پێ نادات، كە ئەمەش بێگومان پێچەوانەی سوننەت و ئاكاری پێغەمبەر(ﷺ) و هاوەڵانە.

2- دانیشتن و زیندووكردنەوەی شەوی بیست وحەوت بەتەنها: و وازهێنان لە شەوەكانی تر، لەكاتێكدا پێشتر ئاماژەی بۆكرا كە هەر دە شەەكە داواكراوە كە زیندوو بكرێتەوە.

3- زیندوونەكردنەوەی سوننەتی ئیعتیكاف.

4- بەفیـڕۆدانی كات لەلایەن هەندێك لەوانەی كە ئیعتیكاف دەكەن بە قسە و حیكایەتی دونیاویستی و ژاوەژاوە دروستكردن كە دەبێتە هۆی تووشبوون بە غەیبەت وفیتنەیی ودرۆ و تێكدانی بارودۆخی نوێژخوێنان و ئەوكەسانەی قوڕئان دەخوێنن.

5- دەرچوونی هەندێك لەوانەی كە ئیعتیكاف دەكەن بۆ ئەنجامدانی نوێژی تەڕاویح لە مزگەوتێكی تر لەبەر دەنگخۆشی پێشنوێژەكە.

6- پیسكردنی مزگەوت و پاك ڕانەگرتنی.

7- غافڵ بوون لە خێر و پاداشتى شەوانى قەدر و گرنگى دان بە کردنەوەى دوکان و خۆسەرقاڵ کردن بە کڕینى جلوبەرگى جەژن و بازاڕکردن لە شەوانى قەدر .

8- پەیوەست نەبوون بەكاتەوە لەلایەن ئەو كەسەی كە ئیعتیكاف دەكات ڕاستتر ئەوەیە بۆئەو كەسەی كە نیەتی ئیعتیكافی دە شەوەكەی هەیە، پێش خۆرئاوابوونی ڕۆژی بیستەم بچێتە ژوورەوە و دوای خۆرئاوابوونی دوا ڕۆژی مانگ بێتە دەرەوە.